دەسەڵاتی هیچ !!!
دەسەڵاتی هیچ !!!
گەر لەڕابردوودا کێشەی دەسەڵاتی کوردیی بریتی بووبێت لە گومانی قووڵی ھاوڵاتیان لە کردە و قسە و مژدەی سەرکردەکانی، ئەوا لەمڕۆدا ئەم کێشەیە قووڵتر و گەورەتر بووەتەوە و چۆتە قۆناغی بەدگومانییەوە. لەم قۆناغەدا ھاوڵاتیانی ھەرێم لەھەموو کردەیەکی ئەم دەسەڵاتە بەدگومانن.بەدگومانیی دۆخێکی مەترسیداری پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگایە، چونکە خەڵک نەک تەنھا بڕوای بە ھیچ حیکایەتێکی دەسەڵات نامێنێت، بەڵکو ھەموو ھەنگاوێکیشی بە کردەیەکی دوژمنکارانە تەماشادەکات.
ھاوڵاتیان پێویستیان بە تێگەیشتن ھەیە لە بڕیار و ھەنگاوەکانی سیاسەت، ھەر کاتێکیش لە زانیاریی و ئارگیومێنتەکانی دەسەڵات بێبەریی بوون و تێنەگەن بۆچی و کێ بە کردەیەکی نایاسایی ھەڵدەستێت، مانای ئەوەیە کە دەسەڵات جڵەوی خۆی لەدەستداوە و جگە لە بەرھەمھێنانی زەبروزەنگ ھیچ بەرھەمێکی سیاسیی تری نییە. ئەلفوبای فەلسەفەی دەسەڵاتدارێتیی پێماندەڵێت کە ھەموو دەسەڵاتێک لەسەر بناغەی زەبر و ھێز دادەمەزرێت، بەڵام زەبرێک کە ھیچ ھێز و کەسێکی دەرەوەی دەزگای دادگا مافی پیادەکردنی نییە، بەڵکو دەبێت لەلایەن دەوڵەتەوە مۆنۆپۆلکراوبێت.
واتە لە دەوڵەتی یاسادا دەبێت رووبەری گشتیی بە شێوەیەکی شەفافانە لە ھەموو ڕوودا و پێشھات و ھەنگاوێک ئاگاداربکرێتەوە و جگە لە دادگا ھیچ ھێزێکی تر نەتوانێت شەرعییەت بە پیادەکردنی توندوتیژیی بدات. یاسا خواستێکی شاراوە و نادیار و پەنھانی کەسێک یان ھێزێکی نادیار نییە، بەڵکو دەزگایەکی سەروو بەرژەوەندیی کەسیی و ڕێسایەکی بان ـ گروپیی و سیاسیی و لۆکاڵییە. دەسەڵاتداران کاتێک دەبنە مەترسیی بۆ سەر کۆمەڵگا کە ھاوڵاتیان نەزانن کێ بڕیار دەردەکات و چ دەزگایەکیش جێبەجێیدەکات و بۆچییش ئەو فەرمانە دەرکراوە.